سێشەممە 28 تشرینی یەکەم 2025

سەرۆك بارزانی سەردانی ناوشاری دهۆك دەكات



ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 28ی تشرینی یەكەمی 2025 لە درێژەی سەردانەكەی بۆ شاری دهۆك سەرۆك مەسعود بارزانی سەردانی ناوشاری دهۆكی كرد.

لەو سەردانەدا سەرۆك بارزانی پاركی (سەرهەڵدان)ـی شاری دهۆك بەسەر كردەوە و خۆشحاڵیی خۆی بەوە دەربڕی كە توانراوە لەناو یەکێک لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی شاری دهۆك پاركێكی تازە بە شێوازێكی سەردەمیانە كراوەتەوە و هیوای ئەوەی خواست كە دهۆك و شارەكانی تری كوردستان ئاوەدانی و پێشكەوتنی زیاتر بەخۆیانەوە ببینن.

ئێوارەی هەمان ڕۆژ سەرۆك بارزانی چایخانەی شەهیدانی ناو بازاڕی شاری دهۆكی بەسەر كردەوە، كە تابلۆی وێنەی هەزار شەهیدی شەڕی داعش و شەهیدانی شۆڕشەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و كەلوپەلی كۆن و دێرینی كوردەواری لێ دانراوە، سەرۆك بارزانی وێڕای دەستخۆشی بۆ ئەو هەوڵە نیشتیمانی و كوردپەروەرانە و وەفایان بۆ خوێنی شەهیدان بەڵێنی ئەوەی بە خاوەنانی چایخانە دا كە هاوكاریان بێت بۆ فراوانتركردنی چایخانەكە وەك شوێنێكی كولتوری و گرنگی ناو شاری دهۆك. هەروەها لەو سەردانەدا سەرۆك بارزانی دیدار و چاوپێكەوتنی لەگەڵ هاووڵاتیان هەبوو.