دووشەممە 7 تشرینی یەکەم 2019

سەرۆك بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا كۆبۆوە



ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 7ـی 10ـی 2019 لە شاری هەولێر سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە سێرگێی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە میخاییل باگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوە و نوێنەری تایبەتی سەرۆك پوتین بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ماكسیم ماكسیمۆڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق و ئەلكسەندەر كینشچاك بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵات و باكووری ئەفریقای وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا و زەلیمخان موتسۆڤ ئەندامی دوومای ڕووسیا و ئۆلێگ لێڤین كونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر و ژمارەیەك كاربەدەستی سیاسی و نوێنەری كۆمپانیاكانی ڕووسیا.

لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وێڕای ئاماژەپێدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی ڕووسیا و گەلی كوردستان ڕۆڵی خانەوادەی بارزانی و بە تایبەت مەلا مستەفا بارزانیی نەمری لە قووڵكردنەوەی ئەو پەیوەندییانە بەرز نرخاند. هەروەها هێمای بە ڕۆڵی سیاسیی و مێژوویی سەرۆك بارزانی دا و ڕایگەیاند كە بۆ هاوكاریی هەمەلایەنە بۆ چارەسەركردنی پرسەكانی ناوچەكە و پشت بە ئەزموونی سەرۆك بارزانی دەبەستین. هەروەها ئومێدی پێشڤەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستانی خواست لە بوارە جۆراوجۆرەكانی ئابووری و كولتووری و سیاسی.

لە بەشێكی تری وتەكانیدا وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وێڕای شیكردنەوەی ئامانجەكانی سەردانی خۆی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، خۆشحاڵیی خۆی بۆ باشتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕاگەیاند و ئەوەیشی خستەڕوو كە دوای شكستی داعش دیالۆگ و كاری هاوبەشی هەولێر و بەغدا دەبێتە هۆی چارەسەری گرفتەكان و پێشكەوتن و بووژانەوی ئابووری.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوی ڕووسیا و شاندی یاوەری كرد و پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ڕووسیا بە پەیوەندیی مێژوویی وەسف كرد كە بنەمایەكی بەهێز و پتەوی هەیە و داوایشی كرد ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارێك پەرە بستێنێت. هەر لەو دانیشتنەدا سەرۆك بارزانی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا بە ئیجابی لە قەڵەم دا كە هەنگاوی باش بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان بڕیوە و باشتربوونی ئەو پەیوەندییانە یارمەتیی سەقامگیریی ناوچەكە دەدات.

بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە سیاسییەكانی سووریا تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو و سەرۆك بارزانی نیگەرانییەكانی خۆی لەمەڕ ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا بە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕاگەیاند و داوایشی كرد ڕووسیا ڕۆڵی خۆی ببینێت لەوەی لە ئەگەری هەر ڕووداو و گۆڕانكارییەك ڕێگە لە قووڵتربوونی ئێش و ئازارەكانی گەلی كورد لە سووریا بگیرێت.

جێگەی ئاماژەپێكردنە كە لەم كۆبوونەوەیەدا فازڵ میرانی سكرتێر و هۆشیار زێباری و مەحموود مەحەمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم ئامادە بوون.