پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی تەممووزی 2024، لە شاری بەغدا سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ئیلبروس کوتراشیڤ باڵیۆزی روسیا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و بارودۆخی سیاسیی عێراق تاوتوێ کرا و سەرۆک بارزانی هۆکار و پاڵنەرەکانی سەردانەکەی بۆ بەغدا و دیداری لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراق و بوونی نیەتی چارەسەرکردنی کێشەکان بۆ شاندی میوان خستەڕوو.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق ڕایگەیاند وڵاتەکەی حەز بە سەقامگیریی عێراق و باشتربوونی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ دەکات.
لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا تیشک خرایە سەر گۆڕانکاری و پەرەسەندنە هەرێمایەتییەکان و ئەو هەڕەشانەی سەقامگیریی ناوچەکە دەکەنە ئامانج.