یەکشەممە 11 نیسان 2021

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی دەکات



ڕۆژی یەکشەممە ۱۱ـی نیسانی ۲٠۲۱ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەحمەد ئەبولغەیت ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی ئامانجی سەردانەکەی بۆ عێراق و دیداری لەگەڵ سەرۆکایەتیەکانی عێراق بۆ سەرۆک بارزانی خستەڕوو. هیوای ئەوەشی خواست کە عێراق بتوانێ دوور لە دەستوەردانی دەرەکی بەرەو سەقامگیری هەنگاو بنێت و جەختیشی لە گرنگیی پەیوەندیی نێوان وڵاتانی عەرەبی و عێراق کردەوە.

هەر لەو دیدارەدا هەر دوولا بیروڕایان لەبارەی تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێکەوەژیان و پێویستیی چەسپاندنی بنەماکانی شەراکەت لە عێراق ئاڵوگۆڕ کرد.

هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆر و هزری توندڕۆیی لەسەر عێراق و وڵاتانی ناوچەکە تەوەرێکی تری ئەو دیدارە بوو.