دووشەممە 21 حوزەیران 2021

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق دەکات  



ڕۆژی دووشەممە ٢١ـی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە سەلاحەدین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ماتیو تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و مەترسی و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ کران.

هەروەها باڵیۆزی ئەمریکا پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بە سەرۆک بارزانی گەیاند بۆ شەهیدبوونی ئەو پێشمەرگانەی کە لە ماوەی ڕابردوو بە دەستی چەکدارانی پەکەکە شەهیدکران و جەختی لەوە کردەوە بۆ وڵاتەکەی، سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق بایەخ و گرنگی تایبەتی هەیە و هەرێمی کوردستانیش نموونەیەکە بۆ سەقامگیری و بوژانەوە لەچاو بەشەکانی تری عیراق.

هەر لەو دیدارەدا هەنگاوەکانی یەکخستن و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە و چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و، هەروەها دانانی ناوەندەکانی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی عێراقی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر بەرز نرخێندرا.

ئاستی زانکۆکانی هەرێم و هەوڵدان بۆ پێشخستنی زانکۆکانی هەرێم و کاریگەرییان لە داهاتووی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری ئەو کۆبوونەوەیە بوو.