رۆژی چوارشەممە 15ی ئایاری 2024 سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە بەڕێز سەرباز بەرزنجی ئەندامی ئەنجوومەنی لەندەن لامبس کرد.
لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی گرنگیی ڕۆڵ و بەشداریی ڕەوەندی کوردی لە وڵاتانی تاراوگە ئاڵوگۆڕ کرا، بە تایبەت رۆلی رەوەندی کوردی لە بریتانیا و پشتگیری و هاوکاریکردنیان بۆ گواستنەوەی ئەزموونی پێشکەوتووی ئەو وڵاتە بۆ هەرێمی کوردستان. هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر هەماهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و بریتانیا لە پێناو ئاڵوگۆڕی زیاتری کولتووری و زانستی و سیاسیی و بازرگانی و تەکنەلۆژیا.
هەر لەو دیدارە دا بەڕێز سەرباز بەرزنجی ئەوەی بە سەرۆک بارزانی رایگەیاند، بۆ باشترکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە هەمەچەشنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بریتانیا و ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە کوردستان و تاراوگە، هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ لەو پێناوەدا.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی بەڕێز سەرباز بەرزنجی کرد بۆ ئەو خزمەتەی بە گەلەکەی دەکات لە تاراوگە و هەوڵەکانی بۆ یادکردنەوەی فەرمی و کردنەوەی هەردوو مۆنۆمینتی هەڵەبجە و ئەنفال لە ناوەندە فەرمییەکانی وڵاتی بریتانیا. هەروەها وەک نموونەیەک وەسفی کرد کە ئەگەر کورد دەرفەتی پێ بدرێت دەتوانێ تواناکانی بسەلمێنێت و هیچی لە نەتەوەکانی تر کەمتر نیە. هەروەها هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواست و هێمای بەوە دا کە پێویستە بایەخ بە پڕۆسەی بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی دژی کوردە فەیلییەکان و بارزانیەکان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفالی گەلی کورد بدرێت.