بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بۆ سەرپەرشتیاری گشتیی تۆڕی میدیایی کوردستان و بەڕێوەبەر و سەرجەم كارمەندانی كوردستان تیڤی
بەبۆنەی بیست و شەش ساڵەی كاركردنی كورستان تیڤی وەک یەكەم كەناڵی سەتەلایت لە كوردستان ،پیرۆزبایی ئەو یادە مێژوویەتان لێدەكەم. كوردستان تیڤی لەپێناو ئامانجێکی بەرز و ڕەوای نیشتیمانی و، لە هەلومەرجێكی پێویست و لەقۆناغێكی هەستیار بەهەوڵ و ماندووبوونی دڵسۆزان دامەزرا و بووە مینبەرێکی گرنگی گەیاندنی پەیامی خەلكی كوردستان و هەروەها بوو بەشێک لەخەباتی نیشتمانی و نەتەوەییمان.
لەو یادەدا ئەو چاوەڕوانییە لە ئێوەی ئازیز هەیە، ببنە سەکۆی سەرەکیی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی نیشتیمانی و ڕاستگۆیی لەناو میدیای کوردیدا ئەویش بە سودوەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای سەردەم و تەکنیک شێوازی تازەی کارکردن و پابەندبوون بە چوارچێوەکانی کاری پرۆفیشناڵیی میدیایی و هەروەها ڕەچاوکردنی بەها نیشتیمانی و نەتەوەییەکان.
دەستخۆشی لە ئەرک و ماندووبوونتان دەکەم و هەر سەرفرازو سەركەوتووبن.
مسعود بارزانی
17ی کانوونی دووەمی 2025