چوارشەممە 17 کانونی یەکەم 2025

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی نوێی پۆلەندا لە هەولێر دەکات



ڕۆژی چوارشەممە 17ی کانوونی یەکەمی 2025 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ماچیج زایدڵ کونسوڵی گشتی نوێی پۆلەندا لە هەولێر کرد.

لەدیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی پۆلەندا لە هەولێر خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بە دیداری جەنابی سەرۆك بارزانی، و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پۆلەندا لە هەموو بوارەکاندا. هەروەها کونسوڵی پۆلەندا دڵخۆشیی خۆی نیشاندا بۆ ئەو پێشڤەچوونانەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئارامی و ئاسایش و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بەخۆیەوە بینیوە و ستایشی ڕۆل و پێگەی سەرۆک بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، هەروەها ستایشی خۆڕاگری و تێکوشانی خەڵکی کوردستانی کرد بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگ و نەهامەتیانەی لە ڕابردوودا بەسەریاندا هاتووە.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی نوێی پۆلەندا لە هەولێر کرد و پشتیوانیی خۆی و هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ پەرەپێدان و باشترکردنی پەیوەندی دوولایەنە. هەروەها سەرۆک بارزانی باسی لەو نەهامەتیانە کرد کە لە ڕابردوودا بەسەر گەلی پۆلەندا دا هاتوون، بەڵام بە یەکگرتوویی و تێکۆشانیان توانیان بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ بن و بگەن بە ئەمڕۆ کە پۆلەندا بوەتە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی ئەوڕووپا و جیهان.

دۆخی ناوچەکە و عێراق بە گشتی و مێژوو و خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان، و باسکردن لە سروشت و دیمەنی جوانی ناوچەکانی کوردستان تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوون.