ھەینی 5 ئەیلوول 2025

سەرۆک بارزانی سەردانی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا دەکات



لەدرێژەی سەردانەکەیدا بۆ فەڕەنسا ، ئێوارەی ڕۆژی هەینی 5ـی ئەیلوولی 2025 سەرۆک مەسعود بارزانی لە شاری پاریس سەردانی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسای کرد و لەلایەن ژان نوێل بارۆ ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پێشوازی لێکرا .

لەدیدارەکەدا وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندی و دۆستایەتیی مێژوویی هەردوو گەلی کوردستان و فەڕەنسا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەردوولا کرایەوە و ڕۆشناییش خرایە سەر سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆک ماکرۆن بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کە ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت.

هەر لەو دیدارەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پێویستیی پابەندبوون بە دەستور و چارەسەرکردنی گرفتەکان کرا.

لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیەدا هەڕەشەکانی تیرۆر و پێویستیی هەماهەنگیی لایەنەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر تاوتوێ کرا و وەزیری دەرەوی فەڕەنسا جەختی لە پشتگیریی بەردەوامیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە.