پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی تەممووزی 2024، لە شاری بەغدا سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز تسوی وی باڵیۆزی چین لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و سەرۆک بارزانی هۆکارەکانی سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی خستەڕوو و ڕایگەیاند کە نیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ دەبیندرێت و بە دەرفەتێکی باشی لەقەڵەم دا بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە نیشتیمانیەکان.
هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی چین خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا نیشان دا و پشتیوانیی وڵاتەکەشی بۆ چارەسەربوونی گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕاگەیاند. هەروەها خۆشحاڵیی خۆشی بۆ دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان دەربڕی.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی چین لە بوارە جیاجیاکان تەوەری تری ئەو کۆبوونەوەیە بوو.