ھەینی 22 تشرینی دووەم 2024

سەرۆک بارزانی لە شاری دهۆک بەشداری لە کۆڕبەندی مێپس دەکات



رۆژی هەینی 22ی تشرینی دووەمی 2024 سەرۆک مەسعود بارزانی لە شاری دهۆک بەشداری لە پێنجەمین کۆڕبەندی ئاسایش و ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە مێپس کرد، لەو کۆڕبەندە دا کە ژمارەیەکی بەرچاوی لە کەسایەتیی و سەرکردە سیاسیی کوردستان و عێراق و جیهان و نێردە و دیپلۆماتکارانی وڵاتان ئاماددەی بوون، سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەشکرد.

دەقی وتاری سەرۆک بارزانی؛

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان هەمووتان بەخێربێن سەرچاو
زۆر خۆشحاڵین كە بەشدار دەبین لەگەڵ بەڕێزتان ئەمڕۆ لەم كۆڕبەندە گرنگە و ئومێدەوارم كە وەختێكی خۆش بەسەر ببەن و ئەنجامەكانیشی سوودێكی زۆری هەبێت بۆ هەموو لایەك.

هاتنی ئەم هەموو بەڕێزانە نیشاندەری ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەرەوپێش چووە و نیشانەی ئەوەشە كە زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك جێگەی خۆی كردۆتەوە لەنێو هەموو ئەو زانكۆیانەی جیهان كە جێگەی باوەڕ و پێزانینن، ئەمە جێگەی خۆشحاڵییە و دەستخۆشیتان لێ دەكەم.

بەڕێزان ناونیشانی ئەم كۆڕبەندە گرنگە، بۆیە هەموو ناوچەكە ئەمڕۆ پێویستیی بە ئاشتی و ئاسایشە. ئەزموونی هەموو میللەتان و وڵاتان دەریخست كە بە شەڕ هیچ ئەنجامێك بەدەست نایەت، بەڵكوو بە ئاشتی و بە لێكتێگەیشتن و بە ڕێزگرتن لە یەكتری، ئەمەیە ڕێگەی ڕاست بۆ چارەسەركردنی هەموو گرفتەكان.
بەڕێزان لە هەرێمی كوردستان، پێش نزیكەی مانگێك، هەڵبژاردنێكی مێژوویی ئەنجام درا، پێشبینیی هەموو لایەك ئەوە بوو كە ئەم هەڵبژاردنە ناكرێ یان ئەگەر بكرێ گرفتی زۆر دێتە پێش، بەڵام لێرەدا من بە پێویستی دەزانم سوپاسێكی گەرمی گەلی كوردستان بكەم، سەری ئێمەیان بەرز كرد و پیشانیشیان دا كە هەست بە بەرپرسیارێتی دەكەن لە كاتی پێویستدا، هەڵبژاردنێك كە 72%ی خەڵكی كوردستان بەشدار بوون تێیدا و ئەنجامەكانیشی مەعلووم بوون. ئیتر ئێمە ئومێدەوارین كە لەمەودوا هەموو لایەك مامەڵە لەگەڵ شەرعیەت بكەن، ئەو شەرعیەتەی كە میللەت داویەتی. هەنگاوی داهاتوو هەر لەم ڕۆژانە ئینشائەڵا دوای ئەوەی كە ئەنجامەكان بە شێوەیەكی فەرمی لە لایەن كۆمسیۆنەوە رادەگەیەندرێن، دەست بە گفتوگۆ دەكرێ لە نێوان هەموو لایەنەكان، بۆ ئەوەی هەرچی زووتر پەرلەمان دەست بەكار بێ و هەنگاوەكانی تریشی بەدوادا بێت. ئومێدەوارین هەمووتان پشتگیریمان بكەن بۆ ئەوەی لە داهاتوو (یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكوومەت، یەك هێزی پێشمەرگە) لە كوردستان هەبێت.

هەروەها بە خۆشحاڵییەوە كە دوێنێ و پێرێ بوو، ئەو سەرژمێرییەی سەرتاسەری بوو لە عێراق، تەئكید كراوە و زەمانەتیش دراوە كە ئەمە هیچ مەبەستێكی سیاسی لە دوای نابێت و هیچ تەئسیرێكیشی نابێت لەسەر ناوچەكانی ماددەی 140، بەڵام ئەمە بەڕاستی بەرچاوڕوونییەكی زۆر دەبێت بۆ حكوومەتی فیدڕاڵی بۆ ئەوەی پلانەكانی بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و زانستییانە دابڕێژێت بۆ لەمەودوا.
دیموكراسیەت وایە، ئەمە هەڵبژاردنی هەرێم، ئەمە سەرژمێری، كەمتر لە ساڵێك، بەرەو هەڵبژاردنی فیدڕاڵیش دەچین، ئیتر ئومێدەوارین هەڵبژاردنی داهاتووی فیدڕاڵیی عێراقیش هەڵبژاردنێكی باش بێت و سوود لە ئەزموونی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان وەربگرن.

ئێمە لە هەرێمی كوردستان، باوەڕێكی تەواومان هەیە بەوەی كە هەموو گرفتەكان بە دیالۆگ و بە لێكتێگەیشتن چارەسەر دەكرێن، مومكین نییە هیچ گرفتێك بە زۆر چارەسەر بكرێن. ئێستا خۆشبەختانە پەیوەندییەكی باش هەیە لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ، هاوكاریش هەیە بۆ چارەسەری هەموو گرفتەكان، ئومێدەوارین كە ئەو لێكتێگەیشتنە پەرە بسێنێت و بەرەو پێشتر بچێت، ئەگەر نیەتی پاك و ئیرادەیەكی بەهێز و ڕاست و دروست بۆ چارەسەری گرفتەكان هەبێت، من پێموایە كە هیچ گرفتێك نییە كە چارەسەر نەكرێت.

ئاڵۆزیی ناوچەكەش بە گشتی، ئەوە دەبینین شەڕی لوبنان و شەڕی غەززە و بەداخەوە ئەو وێنانەی كە دەبیندرێت زۆر دڵتەزێنن، ئەمە ئەوە پیشاندەدات و هەموو لایەك دوعا دەكەین و تەمەننا دەكەین كە هەرچی زووترە ئەو شەڕە كۆتایی بێ و كۆتایی بەو مەئساتە بێت، لە هەموویشی گرنگتر بۆ ئێمە ئەوەیە كە بە هەر قیمەتێك بێت، نابێ عێراق لەو شەڕەدا تووش ببێت یان تێوەبگلێت.
هەمووشمان چاوەڕوانی ئەوەین كە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكێكی تازە بۆ ئەمریكا، دونیا بەرەو كوێ دەچێت، هەموو تەوەقوعات ئەوەیە كە ئیدارەی سەرۆكی تازە هەڵبژێردراو بەڕێز ترەمپ جیاوازییەكی زۆری دەبێ لەگەڵ ئیدارەی سەرۆك بایدن، بەهەرحاڵ ئومێدەوارین هەرچییەك دەبێت، خێری تێدا بێ بۆ جیهان و بۆ ناوچەی ئێمەش.

بەڕێزان تەحەدیات زۆرن، تیرۆر هێشتان تەحەدایەكی گەورەیە، بەڵام بە لای منەوە تەحەدای ئێستا لە هەمووی گەورەتر ئەو بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەرە لە ناوچەكە كە لە هەموو شتێك مەترسیدارترە و بەداخەوە ئێستا لە زۆر لای كە دەسەڵاتیان هەیە، دایدەپۆشن، كارخانە دروست دەكرێ بۆ دروستكردنی مەوادی هۆشبەر و ناتوانن هیچی لێ بكەن، بازرگانییەكی ئازادانەی پێ دەكرێ، ئەمە مەترسییەكی گەورەیە و ئەمە كوشتنی نەتەوەیەكە. لەبەر ئەوە من تەمەننا دەكەم، هەموو دەوڵەتان، هەموو لایەنەكان، هەرچی خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ، بە جددی لەسەر ئەم بابەتە بوەستن و حەدێك بۆ ئەمە دابنرێ، پێش ئەوەی كە كارەسات لە كۆنتڕۆڵ دەربچێت.

بەڕێزان دەمەوێ تۆزێك بە ڕاشكاوانە بێمە سەر بابەتی كێشەی نەتەوەی كورد، هەموومان دەزانین دوای جەنگی جیهانیی یەكەم، ئەو دابەشكردنەی كە سەرلەنوێ ئەنجام درا لە ناوچەكە، باوەڕ ناكەم بە دڵی هیچ كام بێت، هی نەتەوەیەك، نە عەرەب، نە كورد، نە تورك، نە فارس، واقیعێك بوو و فەرز كرا، بەڵام لێرەدا غەدر و زوڵمی گەورە بە بەر كورد كەوت. 100 ساڵ ئینكاری هەبوونی نەتەوەی كورد كرا، كوردیش 100 ساڵ بەرخودانی كرد، نە ئینكاری هەبوونی كورد، نە كوردیش توانی ئەو واقیعە بگۆڕێت، ئەمە چیمان پێ دەڵێ؟ دەڵێ دەبێ دانیشین و بیر لە چارەسەری ئاشتییانە و برایانە و ڕێز لە یەكتریكردن و یەكتری قەبووڵكردن بكەینەوە، ئەمەیە ڕێگەی ڕاست بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە.
تەبیعی ناكرێ ئێمە بڵێین ئەگەر لە پارچەیەك چارەسەرێك دۆزرایەوە دەبێ ئەمە ببێتە فۆتۆكۆپیی هەموو ناوچەكانی تر، هەر ناوچەیەك خسوسیەتی خۆی بۆ دروست بووە و دۆخی كوردستانی عێراق جیاوازە لەگەڵ پارچەكانی تر، بەڵام ئێمە زۆر زۆر خۆشحاڵین كە دەبینین دیسان دەنگوباسی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەستی پێكردۆتەوە و لە هەر كوێیەك، هەر چارەسەرێك بۆ پرۆسەی ئاشتی، ئێمە بە هەموو توانایەك پشتگیری دەكەین و لەگەڵی دەبین.
زۆریش گرنگە بۆ ئێمە وەكوو كورد لە هەر كوێ بین، بە هیچ شێوەیەك نابێ رێگە بدرێت بە تیرۆر یان پەنا ببەین بۆ تیرۆر، ئەمە ئیمتیحانە بۆ نەتەوەكەمان، ئەوەی ئەم كارە بكات، ئەوەی پێیوابێت بە تیرۆر دەتوانێت خزمەتی كوردستان بكات و نەتەوەی كورد بكات، ئەمە خیانەتێكی گەورەیە لە كوردستان دەكات پێش ئەوەی خیانەت یان دژایەتیی لایەنێكی تر بكات.
ئێمە دەبێ دەستی ئاشتی بۆ هەموویان درێژ بكەین، ئێمە داوای برایەتی بكەین، داوای چارەسەری ئاشتییانە بكەین، من پێموایە ئێستا زەمینە لە هەموو لایەكیش ئامادەیە و زۆر زۆر زیاتر لە جاران.

لە كۆتاییدا، بۆم دەركەوتووە لە تەجروبەی خۆم، ئەگەر بڕوامان بە خۆمان نەبێ، خۆمان نەبین، ئامادە نەبین بۆ هەموو فیداكارییەك، كەس ناتوانێت هیچمان بۆ بكات. لە كاتێكدا دۆستەكانی ئێمە دەتوانن پشتگیریی ئێمە بكەن، كە خۆشمان هەبین و بزانین چ دەكەین. لە هەمان كاتیشدا دەبێ واقیعبین بین و دەبێ بزانین هەنگاو بۆ كوێ دەنێین.
خاڵێكی تریش هەیە كە بە لای منەوە زۆر گرنگە، هەر میللەت و نەتەوە و ناوچەیەك، دابونەریتی خۆی هەیە، هەندێكی پەیوەندیی بە دین و بە مەزهەبەوە هەیە، ناكرێ لە دەرەوە ئەوەی لای ئەوان رەوا بێت، بڵێن دێین لەسەر خەڵكی تریش فەرز دەكەین. لێرە لە كوردستان، لە هەموو عێراق، لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خەڵكێكی دیندارە، چ موسوڵمان، چ مەسیحی و چ دیانەتی تر، نابێ بە شێوەیەك تەعامول بكرێ، ئەوەی لای خەڵكێكی تر رەوایە، ئیلا ئێرەش بە هەمان شت قەبووڵی بكەن. دەبێ ئیحترامی مەشاعیری یەكتر بگیرێت و بە هیچ شێوەیەك، ئێمە بەش بە حاڵی خۆمان ئامادە نین دەست لە دین و مەزهەب و دابونەریتی خۆمان هەڵبگرین بۆ ئەوەی كەسێكی تر لە ئێمە رازی بێت.

لە كۆتاییدا جارێكی تر بەخێرهاتنی هەموو بەڕێزان دەكەم، تەمەننا دەكەم كاتێكی خۆش بەرنە سەر، زۆر سوپاس بۆ هەموو ئەو بەڕێزانەی كە ئەم دەرفەتەیان بۆ ئێمە ڕەخسان.
السلام علیكم