چوارشەممە 5 حوزەیران 2024

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەکات



ڕۆژی چوارشەممە 5ی حوزەیرانی 2024، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ستیڤن هیچن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا باس لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە و عێراق و دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکان کرا، و هێما خرایە سەر ئەو پێشڤەچوون و لێکتێگەیشتنە ئەرێنیانەی کە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ هاتوونەتە ئاراوە لە پێناو چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

هەر لەو دیدارەدا باس لە بارودۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ئەو ئاستەنگ و کێشە ئەمنی و سیاسیانە کرا کە لەو ناوچانەدا بۆ دانیشتوانی ڕەسەنی ناوچەکە دروست دەبن، و هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە رێگەچارەی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بدۆزرێنەوە.

پێشهات و گۆڕانکاری و بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوچەکە بە گشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی تەوەرێکی دیکەی ئەم دیدارە بوون.