دووشەممە 23 ئەیلوول 2024

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی نەرویج دەکات



ڕۆژی دووشەممە 23ی ئەیلوولی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی نەرویج کرد کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان ئەسمۆند ئوکروست و مانی حوسەینی پەرلمانتارانی نەرویج لە پارتی کاری نەرویجی.

لە دیدارەکەدا شاندی پەرلەمانی نەرویج ئامانجی سەردانی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو و باسیان لە ئەو ڕۆڵە کرد کە وڵاتەکەیان لە شەڕی دژی تیرۆر و هەروەها کاروباری هەڵگرتنەوەی مین لە ناوچەکانی کوردستان و یارمەتیدانی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستان کرد. شاندی میوان جەختیان لە دۆستایەتی و پەیوەندیی نێوان گەلی نەرویج و گەلی کوردستان کردەوە و ڕاشیانگەیاند وڵاتەکەیان پشتیوانی لە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکات.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەتی نەرویجی کرد کە لە شەڕی تیرۆریستاندا یارمەتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان داوە و ڕۆڵی بەرچاوی حکوومەتی نەرویجی لە یارمەتیدانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم بۆ هەڵگرتنەوەی مین لە کوردستان بەرز نرخاند.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئۆکتۆبەری داهاتوو تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.