پێنجشەممە 19 کانونی یەکەم 2024

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکات



رۆژی پێنجشەممە 19ی کانوونی یەکەمی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز دکتۆر محەمەد ئەلحسسان نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.

لەم دیدارەدا باس لە هەنگاوەکان و دیالۆگی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و جەخت لەسەر پێویستیی پێکهێنانی کابینەی تازە و دەستبەکاربوونی لەم دۆخە سیاسییە هەستیارەی لەئارادایە کرایەوە.

هەر لەم دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سوریا و ناوچەکە بە گشتی و باس لە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و بیری توندڕۆیی کرایەوە و ئەگەری دزەکردنی تیرۆرستان لە سوریا بە مەترسییەکی جددی دانرا کە کاریگەری بۆ سەر عێراق و ناوچەکە بە گشتیی دەبێت، هەر پەیوەست بەم باسەوە هەماهەنگیی ئەمنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕال بە گرنگ زانرا.

هەردوولاش هیوایان خواست دۆخی سوریا ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت و کێشە و گۆڕانکارییەکان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لە بەرژەوەندیی گەلانی سوریا بگات بە چارەسەر.