سێشەممە 19 تشرینی دووەم 2024

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی مسر لە هەولێر دەکات



ڕۆژی سێشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز باڵیۆز مەحموود فاروق عامر کونسوڵی گشتیی مسر لە هەولێر کرد.

لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی مسر لە هەولێر پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆک بارزانی کرد و ڕایگەیاند ڕێژەی بەرچاوی بەشداربوونی خەڵک و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کەشێکی ئارام و مەدەنیانە، دەستکەوتێکی گەورەیە و نیشانەی پێگەیشتوویی و پێگەی بەرزی هەرێمی کوردستانە لە عێراق و ناوچەکە. هەروەها ستایشی کولتووری پێکەوەژیان و ئاشتیخوازیی گەلی کوردستانی کرد و ڕۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانیی لە پاراستنی ئەو کولتوورە و قووڵتربوونی بەرز نرخاند.

هەر لەم دیدارەدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەکان نێوان گەلی کوردستان و گەلی مسر دا و ئەو پەیوەندییانەی بە مێژوویی و دۆستانە و کاریگەر وەسف کرد. هەروەها سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان جەختی لە بەهێزکردنی فەرهەنگی پێکەوەژیان و ئاشتی کردەوە وەک تاکە ڕێگە بۆ کۆتایهاتنی نەهامەتی و ئازارەکانی گەلانی ناوچەکە.

لە بەشێکی تری ئەم دیدارە ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ هەماهەنگی و چارەسەربوونی کێشەکان لەقەڵەم درا.